هه‌ینی 18 سه‌رماوه‌ز 2722
       

خەباتی نەتەوایەتیمان بۆ ڕزگاری قەت بەچۆک دانایە


خالید عەزیزی

ڕاپەڕینی ئێستا کە بەدوای کوشتنی حکوومەتیی ژینا ئەمینی، کچە کوردی خەڵکی سەقز بە دەستی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و دواتر مانگرتنی خەڵکی کوردستان لەسەر داوای ناوەندی هاوکاری و پاشان پەلاماری مووشەکی و درۆنبارانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبە کوردییەکان لە باشوور دەستی پێ‌کرد، هەتا ئێستاش بەردەوامە.

ئەم ڕاپەڕینە هەتا ئێستا ئەگەرچی قوربانیدان و تێچووی زۆری بۆ جووڵانەوەی کورد بووە، بەڵام هەڵسەنگاندێکی ئەو کارە گەورەیە کە هەموو ئێرانی هێنایە سەر خەت، بوو بە مێژوو. دوای شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ زۆر ڕووداو لە ئێران هاتنەگۆڕێ، بەڵام ئەو ناڕەزایەتییانەی ئەمجارەیان کە بە کوژرانی کچە کوردێک لە تاران دەستی پێ کرد و کوردستان یەکگر و یەکپارچە پشتی گرت و بوو بە پرسێکی گشتیی ئێران و لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییشدا بوو بە پرس و خەڵکی هێنایە سەر شەقام و، کوردستان و تەورێز و تاران و ئیسفەهان بە هەموو زمان، نەتەوە، ئایین و جۆراوجۆرییەکان وردەوردە لە دەوری دروشمێک کۆ بوونەوە؛ ئەو بڕیار و کردە مێژووییە دیسانەکە لە کوردستانەوە دەستی پێ کرد.

بەخۆشییەوە ئەمجارەیان دەنگی کورد و داوای کورد لە ئێران بەردەنگی هەبوو، زۆربەی زۆری خەڵکی ئێران بە هەموو جۆراوجۆری و بۆچوونە جیاوازە سیاسییەکانەوە باشتر لە پرسی کورد تێگەیشتن و کورد لە ڕۆژهەڵات بەڵگەیەکی دیکەی لە خەباتی مافخوازانەیدا تۆمار کرد. ئەمەش بێ‌هۆکار نەبوو:

یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان کاریگەرییەکی باشی لەسەر خووڵقانی ئەو دۆخە بوو، ئەگەرچی ئێمە چاوەڕوانیی ئەوەمان هەبوو کە کۆماری ئیسلامی لە کاردانەوە بە یەکگرتنەوەمان بیەوێ زەبرێکمان لێ بوەشینێت. هۆیەکەشی ئەوەیە کە بەداخەوە یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی کۆماری ئیسلامی هەمیشە نەبوونی یەکڕیزی و پەڕش‌وبڵاویی هێزە دژبەرەکانی بووە کە بووەتە هۆی ئەوەی ئاڵترناتیڤێک لەدژی ڕێژیم دروست نەبێت. بۆیە یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات لەو دۆخەدا شوێنی گرینگی لەسەر ئەو هاوکێشەیە دانا و گەلێک پەیامی تێدابوو کە خەڵکی نێوخۆ لە ڕۆژهەڵات، لایەنە سیاسییە کورد و ئێرانییەکان و لە دەرەوەی وڵاتیش بەباشی وەرگیرا و ئەوە ئەو بابەتە بوو کە کۆماری ئیسلامیی ئێران خستە تەنگانەوە. ئەزموونی خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات لەدژی کۆماری ئیسلامی زۆر شتمان پێ دەڵێ، یەک لەوان ئەوەیە ئەو ڕێژیمە هەرکات لەبەرانبەر یەکڕیزی و یەکگرتوویی و جموجۆڵی جەماوەریی خەڵکدا تووشی شکست و بێ‌دەرەتانی بووە، پەنای بردۆتە بەر مێتۆدێک کە خۆی بەرهەمی ئەو مێتۆدە واتە توندوتیژییە. بۆیەشە بە توندوتیژی بەرهەڵستی هەرچەشنە مافخوازییەکی نەتەوەکانی ئەو وڵاتە، لە مافی مرۆیی، سیاسی، مەدەنی، زمانی، مافی ژنان و ئەمنییەتی فەردییەوە بۆتەوە.

کاتێک خۆپێشاندانەکان پەرەیان سەند، ستراتیژیی کۆماری ئیسلامی ئەوە بوو کەسانی سەر بە خۆی بخزێنێتە نێو خۆپێشاندەران و خۆپێشاندانەکە بە ئاقاری توندوتیژی بەڕێ بۆوەی هەم بتوانێ بواری زیاتر و باشتری بۆ سەرکوت هەبێ و؛ هەم بیەوێ ناڕەزایەتییەکان بە پیلان و دەستی دەرەکیی ببەستێتەوە. بەوەش بواریان بۆ هێرشی مووشەکی بۆ سەر حیزبی دێموکرات و لایەنەکانی دیکە خۆش کرد. ئێمە وەک کورد و حیزبی دێموکرات ئەزموونی زۆرمان لە سیاسەتی دژمنکارانەی کۆماری ئیسلامی هەیە، لە تێرۆری ڕێبەران و کادر و پێشمەرگەکانمان هەتا مووشەک‌بارانی خەرمانانی چوار ساڵ لەوە پێش. بەڵام حیزبی ئێمە پاش هەموو ئەو کارەساتانە نەکەوتووە و لەسەر پێ ماوەتەوە. هونەرەکە لێرەدایە: تێرۆرمان دەکەن، بە مووشەک لێمان دەدەن، هەڕەشەمان لێ دەکەن؛ بەڵام ئێمە بەچۆک دانەهاتووین، بە چۆک دانایەین و دەیان پیلانی دیکەشمان لەژی بگێڕن هەر بەچۆکدا نایەن. نەیاندەهێشت و هەڕەشەیان لێ دەکردین کە نەتوانین ڕێوڕەسمی یەکگرتنەوە بەڕێوە ببەن، بەڵام بە چۆکدا نەهاتین و قەتیش بەچۆکدا نایەن. بەڵام بۆ؟ وەڵامەکە ڕوونە: خەباتی حیزبی دێموکرات خەباتی نەتەوەیەکە لە ڕۆژهەڵات، نەتەوەیەک کە ٧٧ ساڵ لەوەپێش ئەو حیزبەی دروست کرد و، ڕێبەرانی ئەم حیزبە لە هەموو بارودۆخێکدا لە زیندان و دوورخراوەییدا حیزبەکەیان ڕاگرت و ئێستاش ڕێبەران و تێکۆشەرانی ئەم حیزبە ئەو ئەرکەیان لەئەستۆیە.

وانەکانی ڕووداوەکانی ئەم دواییانە بۆ ئێمە بەبایەخ بوون:

یەکەم، دەسەڵاتی سیاسی بە پێناسە شۆڕشگێڕییەکەی خۆی، بە ئیدئۆلۆژییە ئایینییەکەی، بە زەرادخانە مووشەکییەکەی، بە هەموو هەوڵدانی بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتومی دەسەڵاتێکی بێ‌داهاتوویە.

دووهەم، لە بەرانبەر ئەو دەسەڵاتەدا خەڵکی کوردستان و ئێران بەگشتی لێ‌بڕاون چارەنووسی خۆیان لەگەڵ ئەو ڕێژیمە یەکلا بکەنەوە. فاکتەری خەڵک بابەتێکی دیکەی لەو هاوکێشەیە زیاد کرد، ئەویش ئەوە بوو کە دەیان ساڵ بوو ئۆپۆزسیونی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوە بە حیزب، ڕێکخراو، مێدیا و ڕایەڵەی جۆراوجۆر بەڵام نایەکگرتوو لە گۆڕەپانەکەدا بوون، بەڵام بەسەرهاتی "ژینای کوردان" دەریخست کە ئەوە خەڵکن وەک خاوەنی سەرەکیی پرسەکە دەتوانن لە نێوخۆی وڵات و لەسەر شەقامەکانەوە بەبێ ئەوەی لە ئێستادا خۆیان بە کێشە تیۆرییەکانەوە سەرقاڵ بکەن، بەرەنگاری ئەو ڕێژیمە ببنەوە. لایەنێکی دیکەی ئەو بابەتە ئەوەیە کە حیزبە سیاسییەکانیش دەبێ بەبایەخەوە ئەو فاکتەرە لە هاوکێشە سیاسییەکاندا بەشدار بکەن، چونکی ئەو پارامێترانەی لە ڕاپەڕینی ئەمجارەدا دەور دەبینن لە ناخی کۆمەڵگە و لە هەناوی داخوازە سەرەکییەکانی خەڵکدا، ئەویش بەبێ ململانێی حیزبی و ڕێکخراوەیی و پێناسە تیۆرییەکاندا دەبێ بخوێندرێنەوە. شتێک کە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی لە چوار دەیەی ڕابردوودا لێی خافڵ بوون ئەوەیە کە ئەوە تەواوەتیی خەڵکە کە دەتوانێ شەقام بکاتە سەنگەری خەڵک و ڕاپەڕینێکی سەرانسەری وەڕێ بخات. ئەوە پەیامێک بوو بۆ ئۆپۆزیسیۆن کە سیاسەتەکەیان دەبێ پێی لەسەر عەرزی واقیع بێت.

حیزبی ئێمە بۆیە بەرگەی ئەو هەمووە برین و ڕووداوە تاڵانەی گرتوە، بەخۆشییەوە قەت لە خەڵکی خۆی دانەبڕاوە و سیاسەتەکەی ئاوێنەی باڵانوێنی ویست و داخوازەکانی خەڵکەکەی بووە. مانگرتنەکەی ٢١ی خەرمانانی چوار ساڵ لەوەپێش دوای مووشەک‌بارانی بنکەکانی حیزبی دێموکرات کە لایەنەکانی دیکەش دەستیان لەگەڵ داینێ، دەریخست کە لە کوردستان سیاسەت لەسەر عەرزی واقع دەکرێت، مانگرتنەکانی ئەم دواییانەش ئەوەی پشتڕاست کردەوە. بەڵام چۆن دەکرێ ئەوە بەردەوام بێت؟ وەڵامەکەی ڕوونە: ویست و داخوازی، بۆچوون و سەرنج و دروشم و ئامانجەکانی خەڵک مێعیار و پێوەر بن و بەهەند وەربگیرێن. بەڵام هیچ شتێک لەوە مەترسیدار نییە کە حیزب و ئۆپۆزیسیۆن لە خەڵکی خۆیان داببرێن و دوور کەونەوە. ئەوە گەورەتین پەیام بوو کە لەو ڕاپەڕینەدا هەموو لایەک دەبێ وەری بگرین. حیزبی دێموکرات لەو پێوەندییەدا هەمیشە بەرپرسانە جووڵاوەتەوە. هەر لە ساڵانی ڕابردوودا خەڵکی ئێمە پەیامیان بۆ دەناردین کە ئێمە دوو دێموکراتیمان ناوێ، داوایەکی زۆر ژیرانە و بەرپرسانە و هەر ئەو دڵسۆزی و دەروەستییەش وایکرد کە ئێمە پڕۆژەی یەکگرتنەوە بخەینە نێو ڕۆژەڤی پێویستییەکانی بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

سێهەم فاکتەر کە کاریگەریی زۆری لەسەر ڕاپەڕینەکەی ئێستا داناوە، بەشداریی هەراوی ژنانە. سروشتی کۆمەڵگەی ئێران و سیاسەتە سەپێندراوەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ یەکتر ناتەبان. ڕەفتاری کۆماری ئیسلامی لەهەمبەر ژنان هەڵسوکەوت و ڕوانگەی تالیبانی داعشییە، بۆیە ژنانی ئێران زۆر بەگوڕ و بەربڵاو لە گۆڕەپانەکەدان و ئەوەش دەخوازێ حیزب و هێزە سیاسییەکان پارامێتری ژنان ببینن و لەو هاوکێشە و بەرنامەکاندا بیانخوێننەوە و جێگای شیاوی ئەو بەشداری و هاوبەشییەیان بدەنێ.

فاکتەرێکی دیکەی شوێندانەر لەسەر ڕووداوەکان سۆسیال‌مێدیایە کە لە ڕاپەڕینی ئێستادا چ لە فۆڕمی کلاسیکی تەلەڤیزیۆندا و چ لە فۆڕمی نوێی پلاتفۆڕمە کۆمەڵایەتییەکاندا دەوری یەکجار بەرچاو دەبینێ. هەروەک دەبینین بەشێکی زۆری مانگرتن و خۆپێشاندانەکان لە کوردستان و ئێران لە ڕێگەی سۆسیال‌مێدیاوە مودیرییەت دەکرێن. ئەگەر سەردەمانێک لە کێشەی فەلەستین و ئیسڕائیلدا بەردتێگرتن و قەپانچەلە هاویشتنی فەلەستییەکان لەدژی هێزە نیزامییەکانی ئیسڕائیل بە ئینتفازە ناوی دەرکرد، کارکردی سۆسیال‌مێدیا لەو ڕاپەڕینەدا خۆی ئینتفازەیەکی دیکە بوو. ئەو سۆسیال‌مێدیایە دەبێ هەم وەک دەرفەت ببیندرێ. هەم دەبێ بۆ نەتەوەسازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەمانا سیاسییەکەی کەلکی لێ وەربگرین، هەم لە بەرینکردنەوەی ڕاپەڕینە سەرانسەرییەکەی ئیستادا.

فاکتەرێکی دیکەی ئەو هاوکێشەیەی ئێستا، دنیای دەرەوە و بەدەنگەوەهاتنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە کە دوای دادگای مێکونووس نموونەی نەبیندرابۆوە. قەیرانی دیپلۆماتیکی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ دنیای دەرەوە ئەوکاتیش لەسەر پرسی کورد بوو، ئەمجارەشیان کە هەر لەسەر کوشتنی حکوومەتیی ژینا هاتنە دەنگ، لەبەر ئەوەی حیزبێک و لایەنێکی سیاسی نەیتوانی پاوانی بکا و دەستی بەسەردا بگرێت و بوو بە پرسێکی گشتی؛ سیاسەتمەدارەکان، هونەرمەند و ئاکادیمیسیەنەکان، سێلبریتی و مێدیا و بەگشتی هەموو شەقامی دنیای دەرەوە بوون بە پاڵپشت بۆ دەنگی ئازادیخوازیی خەڵکی ئێران. ئەوە پاڵپشتییە دەبێ کەلکی لێ وەربگیردرێ، چونکی هاوکێشەکانی لە بەرژەوەندیی خەڵک و هێزە سیاسییەکان گۆڕیوە.

 

دەسەڵات و ڕاپەڕینی جەماوەری

نموونەی ئەو ڕاپەڕینە جەماوەرییە لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا نەبووە، بۆیە کۆماری ئیسلامی کە لەهەمبەر ئیرادەی خەڵکدا دەستەوەستانە، لەلایەک دەیەوێ ڕاپەڕینەکە بە ئاقاری توندوتیژییدا بەڕێ؛ لەلایەکی دیکەش وا بنوێنێ کە ئەوە پرسە ئیتنیکییەکەیە و دەست دەرەکیی لەپشتە و دەیانەوێ ئێران بەرەو لێکترازان ببەن. بەوە دەیانەوێ هەستی خەڵک ناوچەکانی ناوەندی ئێران بە سیاسەتی فۆبیای هەڵوەشان (تجزیە هراسی) هەڵخڕێنن. بەڵام ئەمجارەیان هاوپێوەندی و لێک‌تێگەیشتنی خەڵک لە ئاستی سەرانسەری ئەو بوارەی پێ نەدان. بۆیە کۆماری ئیسلامی بە دوای ئەوەدا چوو کە کورد بە هاندەری ئەو دابەشکارییە وەهمییە پێناسە بکا. ڕێژیم بە سەرکوتی خوێناویی خەڵک لە نێوخۆی کوردستان و بە مووشەک‌بارانی بنکە و بارەگا و قوتابخانە و شوێنی ژیانی بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات و لایەنەکانی دیکە ویستی هەم تۆڵەی ئەو پێشەنگایەتییە لە کوردستان بکاتەوە، هەم وا بنوێنێ کە بەمجۆرە وڵاتیان لە هەڕەشەی هەڵوەشانە وەهمییەکە پاراستوە.

ڕێژیم لەوەدا ناکام بوو، چونکی هەم ئاستی تێگەیشتنی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و هەم هێز و لایەنە سیاسییە بەرپرسیارەکان لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات لە پرسی کورد زۆر لەوە زیاترە کە بتوانێ ئەو ئاکامەی لێ وەرگرێت. بۆیە ئێمە دەبێ لە پڕۆسەی پێوەندی و هاوپێوەندییەکانمان لەگەڵ لایەنە ئێرانییەکان ئەوە بکەین بە دەرفەت و بە بنەمای پڕۆژە و کاری هاوبەشی گرینگ لە داهاتوودا.

باسێکی گرینگی دیکە لەو هاوکێشەیەدا نیازی کۆماری ئیسلامی بۆ تێوەگلاندنی هەرێمی کوردستانە. با لە پێشدا ئەوە بڵێین کە حیزبی دێموکرات وەک سەرمایەی خەباتکاری و مافویستیی کۆمەڵانی خەڵکی خۆرهەڵاتی کوردستان بەرهەمی شەڕ و دۆخی شەڕ نییە. ٧٧ ساڵ لەوە پێش کە دامەزرا، نە بۆخۆی و نە وەزیرەکانی کەسایەتیی سەربازی نەبوون و دوای دامەزرانی حیزب و ڕاگەیاندنی حکوومەت و لە ئیدارەی وڵاتدا هێزی نیشتمان‌پارێز پێک‌هاتووە و ناوی "پێشمەرگە"ی لەسەر داندراوە. حیزبی دێموکراتی کوردستان بە عەقڵییەتێکی مەدەنی و بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و بەشداری لە پڕۆسەی سیاسیی وڵاتدا دروست بووە. ئەوە سیاسەتی حیزب بەدرێژایی مێژووی خۆی بووە و دوای شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ و ڕووداوەکانی کوردستانیش، سەرەڕای هەوڵی زۆری دەستەی نوێنەرایەتیی گەلی کورد و هەوڵی هەموو لایەک کە دەمانەویست بە شێوەی ئاشتییانە پرسی کورد چارەسەر ببا؛ کە هێرشمان کرایە سەر دەبوا بەرگرییمان لە خۆمان کردبا. پێشمەرگە بەرهەمی ئەو قۆناغەیە لە خەبات و دواتریش هەموو کاتێک هێزی بەرگری لە خەبات و تێکۆشانی گەل بووە.

لە ئێستادا کە کۆماری ئیسلامی بیانووی هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان بۆ جموجۆڵی هێزی پێشمەرگە دەگەڕێنێتەوە، ئێمە بەتەواوی ئەوە ڕەت دەکەینەوە. ئێمە هەم بە ڕێبەرانی هەرێمی کوردستان و هەم بە ڕێبەرانی عێڕاقمان ڕاگەیاندووە کە ڕاستە بەشێک لە بنکە و بارەگاکانمان لێرەن، بەڵام لە سنوورەکانی عێڕاق و هەرێمەوە هیچ هێرشێکمان نەکردۆتە سەر هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و هیچ دەستێوەردانێکیش لە کاروباری نێوخۆیی ئەم وڵاتە ناکەین و نەمانکردووە. لەو بارەیەوە هەمیشە بەرپرسانە جووڵاوینەتەوە و گوتوومانە کە نابین بە بیانووی ناپێویستی کۆماری ئیسلامی لەدژی هەرێمی کوردستان و ئێستاش پێداگری لەسەر ئەوە دەکەینە پێمان باشە پرسەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندی لە ڕێگەی وتووێژ و "ڕێککەوتن"ەوە چارەسەر بن و هەر ئەو عەقڵییەتی دانوستان و تەوافوقە بگوازینەوە و لە نێوخۆی ئێرانیش ببێتە ڕێکار و چارەسەری پرسەکان، نەک دێموکراسیی بەتەنیا.

لە کۆتایی ئەو باسەدا پێ لەسەر ئەوە دادەگرمەوە کە ئەو ڕاپەڕینەی ئێستا لە نیوخۆی وڵات هەیە، گەورەترین شکستە بۆ کۆماری ئیسلامی، چونکی کێشە کەوتۆتە نێو ماڵی خۆیان و سیستمە ئیدئۆلۆژیکەکان دەبێ ئەو کێشانەیان لە نێوخۆیاندا بۆ دروست بکرێ. پێویستە ئەوەش بڵێین کە لەو بارودۆخەدا چەندی دەکرێ دەبێ ستراتیژییەکمان ئەوە بێت کە هێز و قەوارەی ڕێژیم پتر تووشی هەڵوەرین ببێت. دەبێ هەوڵ بدەین کە ئەو خەباتە بە لانیکەمی تێچووی گیانی هەتا بەچۆکداهێنانی ڕێژیم بەردەوامیی هەبێت، دەبێ ئۆپۆزیسیۆن ئەرک و بەرپرسایەتییەکانی ئێستای باش بناسێت و هەوڵەکان بۆ دروست‌بوونی ئاڵترناتیڤی کۆماری ئیسلامیی ئێران دروست بێت.

 
 
photo
2022-10-26 09:52
1 مانگ و 17 کاتژمێر و 39 خوله‌ک ، پێش بڵاوکراه‌وه‌ته‌وه‌

به کورتی ده‌رباره‌ی سه‌ربه‌خۆ


ئاژانسی هه‌واڵی سه‌ربه‌خۆ ساڵی ٢٠٠٦ له‌لایه‌ن دیار پرونی دامه‌زرا.

سه‌ربه‌خۆ، بێلایه‌نه‌، سه‌ر به هیچ حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسی نییه.   ئامانج لێی بره‌ودانه‌ بۆ وتاره‌گرنگه‌کانی سه‌ربه‌خۆ خوازان. نوێ ده‌کرێته‌وه‌، چاوه‌ڕێ بن

ڕێکخراوه‌‌کانی مافی مرۆڤ


له به‌شی خواره‌وه‌ هه‌ندێ لینکی گرنگ ریز ده‌که‌ین

1- ڕێکخراوی هه‌نگاو بۆ مافی مرۆڤ

2- ماڵپه‌ڕی ڕێکخراوه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌کان

نه‌خشه‌ی ماڵپه‌ڕ


لێره‌ ده‌نوانن نه‌خشه‌ی ماڵپه‌ڕه‌که‌ نووسن.

ده‌توانن هه‌ندێک به‌سته‌ریش بنووسن که گرنگن و په‌یوه‌ندیان به ماڵپه‌ڕی ڕێککخراوه‌که‌ هه‌‌یه