لە درێژەی چالاکیی، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی کوردان و ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵات بۆ پشتیوانیی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران، لە شاری ھێلسینکیـی پێتەختی وڵاتی فینلاند، خۆپیشاندانێکی بەرین بەڕێوە چوو.
ڕۆژی شەممە ٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، کۆبوونەوە و خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانیی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران و کوردستان، بە بەشداریی سەدان کەس لە کوردان و ئێرانییەکانی دانیشتووی ئەو وڵاتە و نوێنەرانی حیزبەکانی فینلاند، لە 'Senaatintori' لە نزیک کلیسای بەناوبانگی شاری ھێلسینکی 'Tuomiokirkko' بە سروودی نەتەوایەتیی 'ئەی ڕەقیب' دەستی پێ کرد.
پاشان 'ئێرکی توۆمیۆیا' (Erkki Tuomioja)، ئەندامی پارلمان و وەزیری پێشووی دەرەوەی فینلاند، چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و وێڕای بەرزنرخاندنی خەباتی ژنانی ئێران، کوشتن، گرتن و سەرکوتی خۆپیشاندەران و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە مەحکووم کرد و هەروەها پشتیوانیی خۆی لە خواستی ژنان بۆ ئازادی و بەدەستهێنانی مافەکانیان دەربڕی.
دواتر بەشداربووان بە ڕێپێوان و وتنەوەی درووشم بە زمانەکانی کوردی، فارسی، فینلاندی و ئینگلیزی بە ناو شاردا ڕێیان پێوا و لە "کامپی" لەنێو شاری هێلسینکی کۆ بوونەوە و بەرنامەکان بە وتەی میوانان و دروشم و سروودی ئەی شەهیدان و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و قوربانییەکانی ئەم دواییانەی کوردستان و ئێران درێژەی کێشا.
بهڕێز سارا سۆفی ، ئەندام پارلمانی فینلاند و ئەندامی ڕێکخراوی بەرگریی لە ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان وتەیەکی پێشکەش کرد، ناوبراو لە وتەکانیدا، پشتیوانیی خۆی بۆ خەباتی ژنانی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران دەربڕی و ئەوانی بە بوێر وەسف کرد و بوێریی کچان و ژنان و خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران و کوردستانی بەرز نرخاند و وتی: ئەم دروشمە لە شەقامی فینلاندیشدا دەنگی داوەتەوە.
ناوبراو هەروەها وتی: خەبات لە ئێراندا بۆ مافی بەرانبەر لە ئارادایە و ئەرکی ئێمەیە کە چاومان بکەینەوە و ببینین لە ئێراندا چی ڕوو دەدا. ئەرکی ئێمەیە پشتیوانی لە خەڵکی ئێران بکەین کە بۆ ئازادی و مافەکانی خۆیان خەبات دەکەن و ئێمە یادی ژینا ئەمینی و هەموو ئەو کەسانە دەکەینەوە کە خەبات دەکەن و گیان و ژیانی خۆیان خستووەتە مەترسییەوە و ئەمە لە بیر ناکەین.
لە درێژەی بەرنامەکاندا، تیینا ساندبێرگ، نوێنەری حیزبی شیوعیی فینلاند، ئانوو ساری ، نوێنەری حیزبی فێمینیستی فینلاند و هەروەها گەشاو بیبانی ، نوێنەری حیزبی چەپەکانی فینلاندیش چەند وتەیەکیان پێشکەش کرد و وێڕای پشتیوانی لە داخوازیی ژنان و خەڵکی ئێران و کوردستان، سەرکوت، کوشتن و گرتنی ژنان، لاوان و خوێندکاران و قوتابییانی ئێران و کوردستانیان مەحکووم کرد.